کومه له سازمان کردستان حزب کمونیست ایران
اطلاعیه سایر سازمان و نهادها

یەکێیەتی کۆمۆنیستەکان لە عێراق “کومیتەی ناوەندی”

بەداخ و پەژارەی زۆرەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بەرجەستەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی و کۆمۆنیستی، هاوڕێ فەرهاد شەعبانی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەمان پێگەیشت، بەو بۆنە خەمناکەوە ئەوپەڕی دڵتەنگی و ماتەمی خۆمانتان پێ ڕادەگەیەنین و خۆمان بە هاوپرسە و هاوبەشی خەمتان دەزانین و لە کۆمەڵە و حیزبی کۆمونیستی ئێران و هاوسەر و مناڵەکانی و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی سەرەخۆشی دەکەین و بەئۆمێدەوە چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە بۆشاییەک کە هاوڕێی گیانبەختکردوو درووستی کردووە، بەزوویی پڕبێتەوە.

هاوڕێ فەرهاد شەعبانی تێکۆشەرێکی ماندوونەناسی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم بوو، ئەو نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە باشووری کوردستانیش ناوێکی ناسراو و هەڵسوڕاوێکی چالاک و خۆشەویست و جێگەی متمانەی کۆمونیست و سوسیالیستەکان بوو. بەو بۆنەیەوە  ئێمە هەموومان بۆی خەمبار و تاسەبارین، بەڵام ئەگەر مەرگی ئەو ئازاربەخشە بۆمان، ئەوا لە هەمانکاتدا لە مێژووی خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەیی و پێشمەرگایەتی خۆیدا خەرمانێک لە ئەزموون و خۆڕاگری و دڵسۆزی و وەفاداری و جەسووری و بوێری لە دوای خۆی بۆ جێهێشتووین، کە لە داهاتوودا دەبێتە سەرمەشقی خەبات و بەرەنگاری هەزاران کەس بەدژی ستەمکاری و چەوساندنەوە.

هاوڕێ فەرهاد شەعبانی قاڵبووی خەبات و تێکۆشانی ڕێکخراوێکی سۆسیالیستی وەک کۆمەڵەیە کە لە پێناو ئامانجەکانیدا و بۆ نەهێشتنی ستەمکاری، هەزاران تێکۆشەر ، خەباتکار گیانی خۆیان یا خود تەمەنی لاوێتی خۆیان بەخشیوە و هاوڕێ فەرهاد یەکێک ڵە نموونە بەرزەکانی ئەم ڕێبازەیە و بۆ هەمیشە بە زیندوویی لە بیرەوەری ئێمە و لەویژدانی مێژوودا دەمێنێتەوە.